📖

ڕێساکانی وەرگێڕان لە ماڵپەڕی کوردسەبتایتڵ

وەرگێڕانی نووسراوی دەبێت بەشێوەیەکی ستاندارد بکرێت، نەک بەجۆرێک بێت شێوازی لەهجەیی تێکەڵ بکرێت و لەگەڵ قسەکردنی ڕۆژانە هیچ جیاوازییەکی نەبێت. لێرەدا بە هەندێک خاڵ کۆمەڵە بابەت و سەروشەیەک ڕوون دەکەینەوە کە پێویستە ڕەچاو بکرێن:

🔵 ڕێنووسی یەکگرتوو

کێشەی "دە" و "ئە"

لە زمانی فەڕمی و نووسراویدا لەجیاتی پێشگری"ئـە"ـی کاری ڕانەبردوو، پێشگری "دە" بەکار دەهێندرێت، بۆ نموونە:

✅ئەکەم، ئەخۆم، ئەگریت، ئەگات، ئەکرێت... هتد
❌دەکەم، دەخۆم، دەگریت، دەگات، دەکرێت...

"ی"ـی ئامڕازی دانەپاڵ

▫️لە بەستنەوەی وشەکاندا کە ئامڕازی دانەپاڵی "ی" دادەنرێت، گەر وشەی سەرەتا بە پیتی "ی" کۆتایی هاتبوو "ی" ئامڕازی دانەپەڵی چووە سەر دەبێت بە "دوو یی"، نموونە؛

The Song of names
The Song = گۆرانی
of = ی
nemes = ناوەکان
دەبێت بە "گۆرانیی ناوەکان" بنووسرێت
نەک "❌گۆرانی ناوەکان"

▫️ئەگەریش وشەی سەرەتا بە دوو پیتی "ی" کۆتایی هاتبوو "ی" ئامڕازی دانەپەڵی چووە سەر، دەبێت بە "سـێ ییی"، نموونە؛

End of Loyalty
End = کۆتایی
of = ی
Loyalty = دڵسۆزی
دەبێت بە "کۆتاییی دڵسۆزی" بنووسرێت
نەک بە "❌کۆتایی دڵسۆزی"

نموونەی زیاتر:

✅ستافی فارسیی کوردسەبتایتڵ
❌ستافی فارسی کوردسەبتایتڵ

لە ڕێزمانی کوردیدا هەموو چاوگەکان، سادە بن یاخود داڕێژراو و لێکدراو، دەلکێن بەیەکەوە و بەسەر یەکدییەوە دەنووسرێن

بەڵام لە دۆخی کرداردا، کردارەکە گەردان دەبێت بۆ بەشە پێکهێنەرەکانی. واتا لە چەند بەشی واتادار پێک هاتبوو، دەبێت بەوەندە بەش بنووسرێن، بە نموونەوە؛

دۆخی چاوگ (ناو):
✅سەرخستن - خەباتکردن
❌سەر خستن - خەبات کردن
دۆخی کردار:
✅سەرمان خست - خەباتمان کرد
❌سەرمانخست - خەباتمانکرد

پیتی "و" لە سەرەتای وشەدا

وریا، وانە، وشە، وڵات...
"و" لە سەرەتای وشەدا هات هەمیشە نەبزوێنە، ئەمەش مانای وایە هەر وشەیەک بە "و" دەست پێ بکات، تەنها بە یەک "و" دەنووسرێت نەک دوو "وو"

لەجیاتی پەیڤی "تر" پەیڤی "دیکە" بەکاربهێنە، بۆ نموونە:

شەوێکی تر، ڕۆژێکی تر (بەکار مەهێنە)
شەوێکی دیکە، ڕۆژێکی دیکە (بەکار بهێنە)

پاشگری "گە" بەکار بهێنە لەبری "گا"، بۆ نموونە:

✅فرۆشگە، پەرستگە، یاریگە...
❌ فرۆشگا، پەرستگا، یاریگا...

یانزە، دوانزە، سیانزە... هەڵەن و بەکاریان مەهێنن

یازدە، دوازدە، سێزدە... ڕاستن و بەکاریان بهێنن

نیشانەی نەرێ بە وشەکەوە دەلکێت، جگە لە "نە"ـی ڕەتکردنەوە، کە پێویستە لە وشەکە جیا بکرێتەوە و بەجیا بنووسرێت، وەک:

✅نە دەتوانم دڵخۆش بم، نە دەتوانم بگریم
❌نەدەتوانم دڵخۆش بم، نەدەتوانم بگریم
✅نە من و نە تۆ هیچمان پێ ناکرێت
❌ نەمن و نەتۆ هیچمان پێ ناکرێت

"پێ - لێ - تێ" سەربەخۆن

ئەم ئامڕازانە بەجیا دەنووسرێن، چوونکە وشەی سەربەخۆن و دەگەڕێنەوە بۆ ئامڕازەکانی "بە - لە - بۆ"، بە نموونە؛

✅دەستی پێ کرد - دەستی لێ دا - دەستی تێ وەردا
❌دەستیپێکرد - دەستیلێدا - دەستی تێوەردا
سەرنج: لە کاتی هاتنی جێناو، جێناوەکانی پێوە دەلکێن، بە نموونە
✅پێم گووت - لێت دا - تێت خست
❌ پێمگووت - لێتدا - تێتخست

پێموایە، پێتوایە، پێیوایە...هەڵەن و بەم شێواز نانووسرێن

پێم وایە، پێت وایە، پێی وایە... دروستن و بەم جۆرە دەنووسرێن

لەجیاتی وشەی "لەناو" پەیڤی "لەنێو" بەکار بهێنە، بۆ نموونە:

لەنێو خۆشەویستیتدا نغرۆ بووم

لەجیاتی وشەی "بەیەکەوە" پەیڤی "پێکەوە" بەکار بهێنە، نموونە:

پێکەوە نان دەخۆین
پێکەوە هاتینە ژوورەوە

وشەی "گوتی" لەجیاتی "وتی" بەکار بهێنە، نموونە؛

گوتی، گوتم، دەیگوت، دەمگوت... (بەکاریان بهێنە)
وتی، وتم، دەیووت، دەمووت... (بەکار مەهێنە)

پیتی "ت" لە وشەدا

گەر لە بنەڕەتدا پیتەکە هی وشەکە بێت، نابێت لاببردێت، نموونە؛

✅دەستەسڕ، دەستاودەست، ماستاوچی...
❌دەسەسڕ، دەساودەس، ماساوچی...

ئەو وشانەی پێویستە بە دوو "یی" بنووسرێن:

وشەیەک کە بە پیتی "ی" کۆتاییی هاتبوو "بزوێنی کورت/ە"ـی وەرگرت "یـ" ناوبەند دەکەوێتە نێوانیانەوە چوونکە دوو پیتی بزوێن بەدوای یەکدا نایەن. نموونە:

✅نییە، چییە، دۆسییە، قوربانییەکان، ئینگلیزییە...
❌ نیە، چیە، دۆسیە...

وشەکانی (Ahh, huh, hm, eh, hey.../واو ئۆهـ ئاهـ هوهـ ئێهـ هێی..) و هاوشێوەکانی زیادەن نابێت وەرگێڕانیان بکرێت.

تەنیا کاتێک hey/هێی بە مانای بووەستە یان سڵاو دێت دەنووسرێت، ئەوەش بەس لە ڕێگەی سەیرکردنی ڤیدیۆوە دەرەکەوێت

ئەو ڵاینانەی لە نێوان کەوانەن و دەنگن وەرگێڕانی بۆ ناکرێت یەکسەر بیسڕنەوە، با ڵاینەکە بە بەتاڵی بمێنێتەوە

[Scream]

ئەو وشانەی بە پیتی "د" کۆتاییان پێ دێت، لە کاتێکدا کە پاشگری "دا" وەردەگرن نابێت لاببردرێن، وەک:

✅ لەبن بەرددا
❌ لەبن بەردا

ش،یش = هەروەها

زۆر جار بەرانبەر وشەی "هەروەها" دەتواندرێت "یش،ش" بنووسرێت، بەمەستی ئاسانتر خوێندنەوە، وەک

✅ ئەویش هات - منیش دەڕۆم - خاتوون (نیکۆ)ـش دێت
نەک: هەروەها ئەو هات - هەروەها من دەڕۆم - هەروەها خاتوون (نیکۆ) دێت

هیچ وشە و ژمارەیەکی بێجگە کوردی نابێت لەنێو وەرگێڕانی فایلدا هەبێت، نموونە:

17ـی ئەیلوولی ساڵی 1985
✅ ١٧ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٥
825 00:38:47,708 --> 00:38:49,875
سڵاو بەڕێزان، من ئەندامی "FBI
825 00:38:47,708 --> 00:38:49,875
سڵاو بەڕێزان، من ئەندامی "دەزگای فیدڕاڵی لێکۆڵینەوە"ـم

زۆر گرینگە ڕستە دوورودرێژەکان بکرێنە دوو ڕیزی یەکسان. واتا کاتێک ڕستەیەک وەرگێڕان دەکەیت و درێژ دەبێتەوە، دەبێت جیای بکەیتەوە بۆ دوو بەش

جوانترە درێژیان نزیک بێت لە یەکەوە یاخود وەک یەک بێت. نموونە:

1012 ❌ 01:32:40,310 --> 01:32:47,540
کاتێک باپیرەت فێری "سەمای خوداوەندی ئاگر"ـی کردم، گەنجتر بووم و دۆخی تەندروستیم لە ئێستام باشتر بوو
1012 ✅ 01:32:40,310 --> 01:32:47,540
کاتێک باپیرەت فێری "سەمای خوداوەندی ئاگر"ـی کردم،
گەنجتر بووم و دۆخی تەندروستیم لە ئێستام باشتر بوو

ڕەنگکردنی گۆرانییەکان

ئەو ڵاینانەی گۆرانین پێویستە بکرێنە نێوان ئەم دوو هێمایەوە ♪♪ و لە تەنیشتییەوە کۆدی ڕەنگی بۆ دابنرێت، بەم جۆرە:

{\c&H00FFFF&}♪ دڵم لای تۆیه‌ ♪

لە ناوەوەی هێمای گۆرانییەکە، سپه‌یسه‌ك له‌ هه‌ردوو ته‌نیشت هه‌یه‌

کۆمەڵێک لە کۆدی ڕەنگەکان (کرتە بکە بۆ کۆپیکردن)

🔵 خاڵبەندی

خاڵێکی گرینگی وەرگێڕانە و پێویستە لە هەموو ستافەکان بە یەک شێواز پەیڕەو بکرێن:

بۆشایی / سپەیس

بۆشایی بریتییە لە مەودای نێوان دوو وشەی سەربەخۆ
جا لەبەر ئەوەی کارکردنی ئێمەی وەرگێڕ لەڕێگەی ئامێری زیرەکەوەیە (مۆبایل، لاپتۆپ، ئایپاد...)، بۆیە زۆر پێویستە وریایی بۆشایی نێوان وشەکان بین و تەختەکلیلی کوردی بەکاربهێنین

تەنها یەک بۆشایی بدرێت بە بەینی وشەکان نە زیاتر نە کەمتر، وەک:

✅لە هەستی ڕاستەقینەی کەس تێ ناگەم

نەک بە ویستی خۆتان دوو سپەیس یان زیاتر دابنێن:

❌ لە هەستی ڕاستەقینەی کەس تێ ناگەم

کەوانە ( )

بۆ ناوی هەموو کەسایەتییەکان بەکاردەهێندرێن، بە نموونە

(جیمی)، (ئاکازا)، (سارا)، (ئینۆلا)...

دووانە کەوانەی بچووک/دەبڵ کۆتەیشن " "

بۆ هەموو ناوی شوێن و وشەیەکی جیاواز و نامۆ بەکار دەهێندرێت، یاخوود بۆ گێڕانەوەی قسە و بەسەرهاتێک، بەنموونە:

  • - ناوی شوێن: "نیویۆڕک"، "فەڕەنسا"، "سیدنی"....
  • - گێڕانەوەی بەسەرهات: دەگێڕنەوە "ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش ڕێوییەکی نۆ کلک هەبوو..."
  • - وشەی جیاواز و نامۆ: دڕندەیەک لە جۆری "تووڕەییی شەو" بوونی هەیە

جووتە خاڵ :

یاخوود "دووخاڵ" لەو کاتانەدا بەکاردێت، گەر وشەیەک لە ڕستەیەکدا ڕاڤە و ڕوونکردنەوەی پێویست بێت، بە نموونە:

1280 01:58:22,510 --> 01:58:23,930
دەتەوێت بێیت بۆ دۆجۆکەم؟
{\c&HFFFF00&}دۆجۆ: شوێنێکی بەرینی ژاپۆنییە بۆ مەشقکردنی شەڕکردن، وەک کاراتی و ئەو جۆرە وەرزشانەی بێ چەک دەکرێن
سەرنج ١: جووتخاڵ پێویستە بلکێندرێت بە وشەی پێش خۆیەوە، لەگەڵ وشەی دواییدا بۆشاییی هەبێت.
سەرنج ٢: لەهەر ڵاینێکدا ڕوونکردنەوەتان بۆ هەر وشەیەکی ناڕوون نووسی، پێویستە کۆدی ڕەنگ لە تەنیشت ڕستە ڕوونکراوەکە دابنرێت، وەک لە نموونەی سەرەوەدا هاتووە.

تەقەڵ -

تەنها بۆ گفتووگۆی نێوان دوو کەس بەکار دەهێندرێت، دوای دانانی تەقەڵەکە پێویستە سپەیسێک بدرێت پاشان وەرگێڕانەکە بکرێت، بەم جۆرە؛

- چۆنیت؟
- باشم، سوپاس
سەرنج: لە هەندێک ڵاین، دوو ڕستە هاتوون، بەڵام یەکیان ساوندە یاخود وشە زیادەکانی وەک (huh, hm, ahh,ehh...)ـن کە پێویستە ڕەش بکرێنەوە، لەم حاڵەتە کە یەک ڕستەی مایەوە نابێت تەقەڵەکە دابنرێتەوە، نموونە:
156 00:08:12,226 --> 00:08:13,828 - Are you okay? - huh?
✅دروست (بێ تەقەڵ):
تۆ باشیت؟
❌هەڵە:
- تۆ باشیت؟

نیشانەی پرسیار ؟

لە کاتی ڕستەی پرسیاری بەکار دەهێندرێت و ڕاستەوخۆ بە وشەی کۆتاییەوە دادەنرێت، وەک:

لە کوێ بوویت؟
چیت کرد؟

نیشانەی سەرسوڕمان !

لە کۆتایی ڕستەی شۆک و سەرسوڕمان بەکاردەهێندرێت، یاخود گەر قسەکەر بە دەنگی بەرز قسە بکات، ڕاستەوخۆ بە وشەی کۆتاییەوە دادەنرێت، وەک:

ڕابکەن!
پەلە بکەن!

بۆر (فاریزە) ،

هێمای فاریزە، نیشانەی پشوویەکی کورتە لەنێوان قسەکانی قسەکر دادەنرێت تا وابکات ڕستەکان بۆ خوێندنەوە ئاسانتر بن. زۆرینەی جار چۆن لە فایلەکەدا هاتبێت بەو جۆرە دەنووسرێتەوە

بە دایکم گووت، ئەمشەو لە ماڵی هاوڕێکەم دەمێنمەوە

سێخاڵ ...

ئەم سێخاڵە لەبری وشە یان ڕستە کە قرتێندراوە دادەنرێت، بە مەبەستی کورتکردنەوە. یاخود ڕستەیەیەکی تەواو نەکراو، نموونە:

1051 01:37:03,990 --> 01:37:06,060 Hear my warning, Or...
ئاگادارکردنەوەکەم بەهەند وەربگرە، دەنا...
سەرنج: ژمارەی ئەم خاڵانە تەنیا سێخاڵن، نە زیاتر نە کەمتر.

خاڵ .

پێویستە هەموو خاڵی کۆتاییی ڕستەکان لە فایلدا لاببردرێن.
ئەگەریش لە نێوان ڵاینەکاندا هەبوو بەهەمان شێوە، نابێت بنووسرێتەوە، نموونە:

326 01:32:46,583 --> 01:32:49,916 Helin. What are you doing here?
❌ (هێلین). لێرە چی دەکەیت؟
✅ هێلین
لێرە چی دەکەیت؟
سەرنج: گەر ئامڕازی پەیوەندی یان ناسندتان بە ناوی کەسێک، شتێک یان شوێنێکەوە نوساند دایم بەم جۆرە بینووسن
✅ (جاک)ـی کوڕم
✅ ئێرە "کوردستان"ـە
❌ (جاک)ی کوڕم
❌ ئێرە "کوردستان"ە

بێگومان سەرەڕای ڕێنووس و خاڵبەندییەکی جوان، خودی وەرگێڕان و داڕشتنەوەش گرینگترینە. بۆیە مەرج و خاڵی سەرەکی لەکاتی وەرگێڕاندا ئەوەیە، بە سەیرکردنەوەی ڤیدیۆی فیلمەکە/ئەڵقەکە وەرگێڕان بکرێت، دەنا وەرگێڕانێکی بێ هەستی لێ دەردەچێت. دەبێت وەرگێڕ هەوڵ بدات لەگەڵ وەرگێڕانی هەر ڵاینێکدا خۆی بخاتە شوێن کەسایەتییەکان ئاخۆ بە تۆنێکی تووڕەیی یان لەسەرخۆ یان جدییەوە دێڕەکەی دەردەبڕیت...

🔹کۆمەڵێک لەو ماڵپەڕ و بەرنامە بەسوود و گرینگانەی وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕاندا پێویستیان پێی دەبێت هەم بۆ خودی وەرگێڕان، هەم بۆ هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی دەتوانن سوودی لێ وەربگرن:

ماڵپەڕەکان:

▪️ڤەژین - ڤەژینلێکس (کۆفەرهەنگ)

لە بەشی «سەروشە» دەتوانن بۆ وشەیەکی تایبەت بگەڕێن، هەم بۆ وشەی کوردی هەم بۆ وشەی ئینگلیزی. لە بەشی «لە ماناکاندا» دەتوانیت بوونی پیت/بڕگە/وشە لە هەر وشەیەکدا هەبێت، بدۆزنەوە.

https://lex.vejin.net

▪️ڤەژینبوکس (کۆکراوەی وێژەیی)

چەندان وێژەی گرنگی تێدایە، تەنانەت لە بەشی گەڕان دەتوانن تاقە وشەیەک لە چەندان نووسراوی جیاوازا ببیننەوە.

https://books.vejin.net

▪️وشەدان (کۆفەرهەنگ)

  • لە بەشی «پوخت» ڕێکوڕاست ئەو وشەت بۆ دەدۆزێتەوە خۆت دەتەوێت، واتە تەنیا وشەکە وەک خۆی، بۆ نموونە: دەنووسیت «قوڕ»، تەنیا قوڕ دەهێنێت، نەک «قوڕقوڕاگە».
  • لە بەشەکانی «پێشگر، ناوگر و پاشگر»ـدا، بڕگەکەت لە هەموو شتێکدا بۆ دەهێنێت، بۆ نموونە: «نێر» بنووسە، «بەرخەنێر» و «پەیامنێر» و… هتدیت بۆ دەهێنێت.
  • لە بەشی «سەروا»، هاوسەروا و ئاوازی وشە و هەنێ جار گرێکانیش دەدۆزێتەوە، بەڵام زۆر ژیر نییە لە دۆزینەوە.
  • بەشی «گەڕان» تەنیا دەگەڕێت، بەشی «وردکار» هەموو گەڕانێکت بەدیاریکراوتر بۆت دەدۆزێتەوە.
https://bradost.net/ferheng

بەرنامەکان:

▫️Chat GPT
▫️Gemini

لانی کەم هەر وەرگێڕێک یەک لەم دوو بەرنامەی پێویست دەبێت، دەتوانن گەر لە ئیدییەمێک یان وشەیەکی کەمبیستراو یا هەر شتێتر دڵنیا نەبوون، بینووسن و داوای مانا و هاوواتای ڕستەکە/وشەکە بکەن و زیاتر لەسەری بخوێننەوە، تا سەرنجی باشترتان لەسەری هەبێت، گونجاوترین ماناتان دەست بکەوێت.

▫️فەرهەنگی کوردی بۆ ئینگلیزی:

https://apps.apple.com/us/app/kurdish-dictionary-dict-box/id654052443

▫️فەرهەنگی ئینگلیزی بۆ ئینگلیزی:

https://apps.apple.com/us/app/dictionary-offline-dict-box/id587444069